كوردى

گه‌ران
سال
بابەت
ژمارە
لیست
  • سەرەتا
  • هه‌واڵ
  • ڤیدیۆ
  • پێکهاتەى وه‌زاره‌ت
  • یاسا و بڕیار
    • ياسا
    • بڕیار
  • رێنمایى و گشتاندن
    • رێنمایی
    • گشتاندن
  • پەیوەندی
    • نووسینگه‌ی وه‌زیر
    • ب. راگەیاندن و پەیوەندییەکان
  • ئەرشیف
  • نرخی دراوه‌کان

وه‌زیرى دارایى و ئابوورى و باڵیۆزى به‌ریتانیا باس له‌ ده‌سپێكردنه‌وه‌ى دانوستانى هه‌ولێر و به‌غدا ده‌كه‌ن‌

باڵیۆز و كونسوڵى به‌ریتانیا له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌ك له‌ گه‌ڵ وه‌زیرى دارایى و ئابوورى حکومه‌تى هه‌رێم باس له‌ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ى دانوستانى هه‌ولێر و به‌غدا ده‌كه‌ن.

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 15ى كانونى دووه‌مى 2018، جۆن ویلكس، باڵیۆزی به‌ریتانیا له‌عێراق و مارتن وار، كونسوڵی گشتی به‌ریتانیا له‌هه‌رێمی كوردستان سه‌ردانی وه‌زاره‌تی دارایی وئابووری حكومه‌تی هه‌رێمیان كرد و له‌گه‌ڵ رێباز حه‌ملان، وه‌زیری دارایی و ئابووری حكومه‌تی هه‌رێم كۆبوونه‌وه‌.

له‌ سه‌ره‌تاى كۆبوونه‌وه‌كه‌ جۆن ویلكس، باڵیۆزی به‌ریتانیا له‌عێراق باسى ئامانجى سه‌ردانه‌كه‌ى كرد و رایگه‌یاند" له‌ كۆبوونه‌وه‌كانمان له‌گه‌ڵ به‌رپرسان له‌ به‌غدا و هه‌ولێر پێمان راگه‌یاندون كه‌ به‌ریتانیا به‌ بایه‌خه‌وه‌ ده‌ڕوانێته‌  ده‌ستپێكردنه‌وه‌ى گفتوگۆكان له‌ نێوان هه‌ولێر و به‌غدا و پێویسته‌ كۆبوونه‌وه‌ى راسته‌وخۆ هه‌بێت و ئه‌و كۆبوونه‌وانه‌ى ئێستا ده‌كرێن به‌رده‌وامیان هه‌بێت".

باڵیۆزی به‌ریتانیا له‌عێراق ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، كه‌ به‌ریتانیا پێداگرى ده‌كات له‌وه‌ى مافه‌ ده‌ستوریه‌كانى هه‌موو لایه‌ك دابینكرێت و ده‌ستكارى پڕِۆژه‌ یاسایى بودجه‌ى عێراق بكرێت.
رێباز حه‌ملان، وه‌زیرى دارایى و ئابوورى حكومه‌تى هه‌رێم سوپاسى ئه‌و نێوه‌نگیریه‌ى به‌ریتانیاى كرد و رایگه‌یاند" پێویسته‌ به‌ریتانیا رۆڵى زیاترى هه‌بێت له‌ نێوه‌نگیرى هه‌ولێر و به‌غدا و ئێمه‌ وه‌ك حكومه‌تى هه‌رێم ئاماده‌ین كه‌ داواكاریه‌كانى به‌غدا سه‌باره‌ت به‌ وردبینى له‌ لیستى مووچه‌خۆران و چاودێریكردنى خاڵه‌ سنوریه‌كان و فرۆكه‌خانه‌كان جێبه‌جێبكه‌ین".

وه‌زیرى دارایى وتیشى، له‌ ئێستادا پڕۆژیه‌كى چاكسازیمان ئاراسته‌ى په‌رله‌مانى كوردستان كردوه‌  تایبه‌ت به‌ رێكسختنه‌وه‌ى مووچه‌ى خانه‌نشین و ده‌رماڵه‌ كه‌ به‌ پێى ئه‌و پڕۆژه‌ یاسایه‌ مانگانه‌ 150 ملیار دینار بۆ خه‌زێنه‌ى گشتى ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ و به‌مه‌ش كاریگه‌رى ده‌بێت له‌سه‌ر پێدانى مووچه‌.

له‌ به‌شێكى ترى كۆبوونه‌وه‌كه‌ وه‌زیرى دارایى و ئابوورى رونیكرده‌وه‌ كه‌ كۆمپانیاى دیلۆت راپۆرتێكى ئاماده‌كردوه‌ ئاراسته‌ى په‌رله‌مانى كوردستان ده‌كه‌ین بۆ ئه‌وه‌ى به‌ هه‌موو لایه‌ن چاكسازى له‌ كه‌رتى نه‌وت و دارایى بكرێت.